CDN چییه‌ و سوودو زیانه‌كانی چین؟

21, ته‌مموز, 2017 | ڕاژه‌

CDN كه‌ كورتكراوه‌ی (content delivery network or content distribution network) واته‌ ( تۆڕی گه‌یاندنی ناوه‌ڕۆك یان تۆڕی دابه‌شكردنی ناوه‌ڕۆك) بریتییه‌ له‌ تۆڕێكی دابه‌شكراوی ڕاژه‌كاره‌كان به‌پێی شوێن؛ به‌ مه‌به‌ستی زووتر ده‌سته‌به‌ركردن و خێرا له‌ جێبه‌جێكردنی په‌ڕگه‌ داواكراوه‌كان له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانه‌وه‌. له‌ ئێستادا CDN ڕێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناوه‌ڕۆك له‌ ئینته‌رنێتدا ده‌گرێته‌ خۆی له‌وانه‌ ( نووسین، نیگاره‌ییgraphic، نه‌رمه‌واڵه‌، په‌ڕگه‌كانی ڕه‌نگاڵه‌ و چه‌ندین جۆره‌ په‌ڕگه‌ی تر).

CDN چۆن كارده‌كات؟


په‌ڕگه‌ جیاوازه‌كانی ماڵپه‌ڕ له‌به‌رده‌گیرێنه‌وه‌ له‌ ڕاژه‌كاره‌ پێكبه‌ستراوه‌كان و حه‌شارCache ده‌درێن. كاتێك كه‌سێك داوای په‌ڕه‌یه‌كی وێب ده‌كات كه‌ به‌شێكه‌ له‌ CDN ئه‌وا CDN داواكارییه‌كه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ له‌ ڕاژه‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ بۆ ڕاژه‌كاری CDN كه‌ نزیكترینه‌ له‌ كه‌سه‌كه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌ حه‌شاردراوه‌كه‌ی به‌ده‌ست ده‌گات.
CDNه‌كان به‌رده‌وام په‌یوه‌ستكراون به‌ ڕاژه‌كاری سه‌ره‌كی ماڵپه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ناوه‌ڕۆكێك بهێنن و حه‌شاری بده‌ن كه‌ پێشتر حه‌شار نه‌دراوه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی چۆنییه‌تی كاركردنی CDN ساناتر بكه‌ینه‌وه‌، نموونه‌یه‌ك باس ده‌كه‌ین:
ماڵپه‌ڕێك كه‌ ڕاژه‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌ ئه‌مریكایه‌و په‌ڕگه‌كانی حه‌شاردراون له‌ ڕاژه‌كاره‌ پێكبه‌ستراوه‌كان CDN. وه‌ك وتمان هه‌ر ڕاژه‌كارێك له‌ شوێنێكی جیاوازه‌ بۆ نموونه‌ ڕاژه‌كارێك له‌ كه‌نه‌دایه‌ و یه‌كێكی تر له‌ ئه‌ڵمانیا، تۆ كه‌ له‌ كوردستانیت و سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌كه‌یت ئه‌وا ڕاژه‌كاری سه‌ره‌كی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت ده‌تگوازێته‌وه‌ بۆ ڕاژه‌كاری ئه‌ڵمانیا چونكه‌ نزیكترین‌ ڕاژه‌كاره‌ له‌ تۆوه‌ به‌مه‌ش به‌ كاتێكی زووتر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌رده‌ست ده‌بێت بۆت.

سووده‌كانی به‌كارهێنانی CDN


1.خێراتر كردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕ
یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی خاوی ماڵپه‌ڕ بریتییه‌ له‌ دووری نێوان ڕاژه‌كاری ماڵپه‌ڕ و وێبگه‌ڕی به‌كارهێنه‌ر. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر قه‌باره‌ی په‌ڕه‌ی داواكراویش زۆر بێت ئه‌وا به‌ هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی له‌ خاوكردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕ كه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ستیپێده‌كرێت.
به‌ شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی، به‌كارهێنه‌ر تا ده‌كرێت پێویسته‌ نزیك بێت له‌ ڕاژه‌كاری ماڵپه‌ڕ، به‌ڵام دامه‌زراندنی ڕاژه‌كار له‌ هه‌موو شوێنێك و نزیك له‌ هه‌ر سه‌ردانكه‌رێكی ماڵپه‌ڕ، كارێكی ئه‌ستمه‌، به‌بێ بوونی CDN.
لێره‌وه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بوونی CDN بریتییه‌ له‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێك ڕاژه‌كار له‌ چه‌ندین شوێنی جیاواز بۆ ئه‌وه‌ی نزیك بێت له‌ به‌كارهێنه‌ر تا ئه‌وه‌نده‌ی له‌ توانادابێت.
ئه‌گه‌ر چاوێك بخشێنین به‌ ڕاژه‌كاره‌كانی كۆمپانیای MaxCDN كه‌ خزمه‌تگوزاری CDN پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ كۆمپانیاكه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك شوێنی جیاواز ڕاژه‌كاری هه‌یه‌. هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهاندا بێت و ماڵپه‌ڕێك بكاته‌وه‌ (به‌ مه‌رجێك CDN ی كۆمپانیای ناوبراو به‌كارببات) ئه‌وا په‌ڕگه‌ حه‌شاردراوه‌كانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی له‌ نزیكترین ڕاژه‌كار به‌ده‌ست ده‌گات.

ڕاژه‌كاره‌كانی كۆمپانیای MaxCDN

له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ زۆر ماڵپه‌ڕ‌ سوود له‌ CDNه‌ گشتییه‌كانی وه‌ك گوگڵ و مایكڕۆسۆفت..هتد وه‌رده‌گرن بۆ به‌سته‌ركردنی په‌ڕگه‌ و كتێبخانه‌كانی جاڤاسكریپت و CSS، به‌مه‌ش ئه‌م په‌ڕگانه‌ له‌ وێبگه‌ڕی به‌كارهێنه‌ر حه‌شار ده‌درێن و كاتێكیش به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی تۆ ده‌كات، ئه‌وا ئه‌م په‌ڕگه‌ حه‌شاردراوانه‌ی وێبگه‌ڕی به‌كارهێنه‌ره‌كه،‌ بانگ ده‌كرێن له‌ كاتێكی زۆر كه‌مدا ( به‌و مه‌رجه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی تۆش هه‌مان به‌سته‌ری CDNه‌ گشتییه‌كان بۆ په‌ڕگه‌كانی جاڤاسكریپت و CSS به‌كارهاتبێت) به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ بانگكردنی ئه‌م په‌ڕگانه‌ له‌ ڕاژه‌كار.

٢. كه‌مكردنه‌وه‌ی باندبه‌رینی ماڵپه‌ڕ
ڕه‌نگه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ خانه‌خوێی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت ده‌كات، ده‌سته‌واژه‌ی بریقه‌داری دابینكردنی بێسنووری باندبه‌رینbandwidthی پێت وتبێت به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی بازرگانییه‌ و مه‌به‌ست لێی؛ ڕاكێشانی كڕیاره‌. كاتێك هه‌موو په‌ڕگه‌كانت له‌ ڕاژه‌كاری سه‌ره‌كی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت خانه‌خوێ كراون، ئه‌وا ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت باندبه‌رینی زیاتر به‌كاردێنێت به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هه‌ر سه‌ردانكه‌رێك په‌ڕگه‌ خانه‌خوێكراوه‌كه‌ داواده‌كات. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا زیاتر هه‌ستی پێده‌كرێت كاتێك ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی (DDoS) دابێت كه‌ له‌ كاتێكی كه‌مدا داواكاری زۆر ئاراسته‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت ده‌كرێت، سه‌ره‌نجام به‌ هۆكاری به‌كارهێنانی باندبه‌رینی زۆر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت ده‌وه‌ستێت.

٣. خێراتر داڕشتن و گه‌شه‌پێدانی ماڵپه‌ڕ
له‌ ڕوانگه‌ی داڕشتنی ماڵپه‌ڕ و گه‌شه‌پێدان، كاتێكی باش بۆ گه‌شه‌پێده‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. گه‌شه‌پێده‌ر هه‌وڵ ده‌دات كه‌ ماڵپه‌ڕی داڕێژراو باشتر بكات له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی چه‌ند ئامرازێك بۆ بچووكردنه‌وه‌و باشتركردنی وێنه‌ و په‌ڕگه‌كان، حه‌شاردانی په‌ڕگه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌ جێگیره‌كان هه‌روه‌ها چه‌ندین ئامرازی تر بۆ زیاتر باشتركردنی ماڵپه‌ڕه‌كه‌. جگه‌ له‌وه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م ئامرازانه‌ سه‌رئێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا كاتی ده‌وێت. به‌كارهێنانی CDN له‌م سه‌رئێشه‌یه‌ت به‌دوور ده‌خات به‌ جۆرێك CDN ده‌توانیت په‌ڕگه‌ و وێنه‌كان بچووكتر بكاته‌وه‌ له‌ قه‌باره‌دا، په‌ڕگه‌ بزۆكه‌كان ده‌په‌ستێوێ و په‌ڕگه‌ جێگیره‌كان حه‌شار ده‌دات.

زیانه‌كانی به‌كارهێنانی CDN


سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك سوود و تایبه‌تمه‌ندی باشی CDN كه‌ وایكردووه‌ زۆر ماڵپه‌ڕ سوود له‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ وه‌رگرن، له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌ندێك خاڵی لاوازی CDN هه‌ن كه‌ ئاماژه‌ پێكردنیان له‌م بابه‌ته‌دا پێویسته‌.
١. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك وڵات به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت ماڵپه‌ڕی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌ربه‌ستblock بكه‌ن كه‌ خزمه‌تگوزاری CDN ی خۆڕایی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش ئه‌و به‌كارهێنه‌رانه‌ی كه‌ له‌و وڵاته‌دا سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت ده‌كه‌ن، ناتوانن ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت به‌ دروستی ببینن.
٢. به‌كارنه‌هێنانی هه‌ندێك CDN ی گشتی به‌ هۆكاری كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌كارهێنه‌رانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت كاتێك په‌ڕگه‌ بانگكراوه‌كه‌ داواده‌كرێت.
٣. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و په‌ڕگانه‌ی له‌ CDN ه‌ گشتییه‌كان به‌سته‌ر ده‌كه‌یت، بچووك نه‌كرابێتنه‌وه‌ به‌مه‌ش قه‌باره‌ی په‌ڕگه‌ بانگكراوه‌كه‌ زۆر ده‌بێت و كاتێكی زیاتری ده‌وێت تا په‌ڕگه‌كه‌ داده‌گیرێت.

ده‌ره‌نجام


ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا تیشكی بخه‌مه‌سه‌ر، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ وه‌ك وێبداڕێژێك؛ ئه‌گه‌ر بڕیارت داوه‌ سوود له‌ CDN گشتییه‌كانی وه‌ك گوگڵ، مایكڕۆسۆفت یان هه‌ر شوێنێكی تر كه‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌ست، وه‌ربگریت، گرنگه‌ ئه‌و خاڵه‌ بخه‌یته‌ به‌رچاو كه‌ ئه‌گه‌ر بانگكردنی په‌ڕگه‌كانی جاڤاسكریپت یان CSS له‌ ڕاژه‌كاری CDN ه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌وه‌ چ بژارده‌یه‌كی تر ده‌خه‌یته‌ به‌رده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌ر به‌بێ كێشه‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت ببینێت؟! ڕه‌نگه‌ بانگكردنی په‌ڕگه‌كان له‌ ڕاژه‌كاری سه‌ره‌كی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ته‌وه‌ بژارده‌یه‌كی گونجاو بێت له‌م كاته‌دا.

© 2018 نوێكار - هه‌موو مافه‌كان پارێزراون